هاوڵاتییەکی شاری موسڵ کە بە باوکی عەبدولمەلیک خۆی ناساندووە، ماڵەکەیان دەکەوێتە بەشی ڕۆژهەڵاتی موسڵەوە ڕایگەیاند، لەمانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا کاتێک گەرمەی ئۆپراسیۆنی موسڵ بوو ٤ کاتیۆشا کەوتووەتە ماڵەکەیانەوە، بەهۆیەوە خێزانەکەی و باوکە تەمەن ٦٠ ساڵەکەی کوژراون، بەڵام بەهۆی بەردەوامی شەڕەوە بۆ ماوەی مانگێک چاوەڕوان بوون تا تەرمی دایک و باوکی بباتە گۆڕستانی گەڕەکی گۆگجەلی بەخاکیان بسپێرێت.
به پێی هەواڵ دەریی ئەهلی بەیت(ع) ، ابنا: باوکی عەبدولمەلیک ڕایدەگەیەنێت بەهۆی هێرشەکانەوە بۆ سەر گەرەکی زهور کە ئەوان لێی نیشتەجێن، نەیانتوانیووە تەرمی مردووەکانیان ببەنە گۆڕستانەکە کە تەنها ٥ کیلۆمەتر لێیان دوورە.
بەو هۆیەشەوە باوکی عەبدولمەلیک و کوڕێک و برازایەکی لە بن دار پرتەقاڵەکەی حەوشەکەیاندا، کە لە هەمان ئەو شوێنەدا ئەو دوو ئازیزەی کوژراون، ناچاربوون چاڵێکی چەند پێ قوڵ بۆ تەرمەکان هەڵبکەنن و بە خاکیان بسپێرن، تا ئەو کاتەی دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە و دواتر بیانبەنە گۆڕستانەکە.
باوکی عەبدولمەلیک کە قسەی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ڕۆیتەرز کردووە، ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی کەوتنەوەی ئەو ٤ کاتیۆشایەوە بەسەرماڵەکەیاندا نەیاتوانیووە لە ترسی هێرش و تەقەی قەناس بە دەستەکان بچنە دەرەوەی ماڵەکەیان، تەنانەت بەشێکی زۆری ماڵەکەشیان بەبەر چاویانەوە سوتاوە و نەیانتوانیووە هیچ بکەن لەبەرامبەریدا.
هۆکاری ئەوەش کە بە ناوی کوڕەکەوە خۆی ناسناندووە، بۆ ئەوە بووە کە خۆی و ئەندامانی تری خێزانەکەی لە تۆڵەی چەکدارانی داعش بپارێزێت کە هێشتا ناوچەیەکی زۆری موسڵیان بە دەستەوەیە.
سەرباری ئەوەی کە بۆ ٣ مانگ دەچێت ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەستی پێکردووە، هێشتا دانیشتوانی موسڵ وەک خۆیان دەڵێن مەترسی کەوتنەوەی گولـلە تۆپ و کاتیۆشیان لەسەرە، یاخود مەترسی قەناس بە دەستەکانی داعش، کە تەقە لە هەموو ئەو شوێنانە دەکەن کە سوپای عێراق هاتووەتە ناویەوە.
هاووڵاتیانی ئەو گەڕەکانەی کە هێشتا شەڕی تێدا بەڕێوە دەچێت، ناچارن وەک باوکی عەبدولمەلیک مردووەکانیان لە حەوشەی ماڵەکانیان یان لە شوێنێکی نزیک لە ماڵەکانیان بە خاک بسپێرن، چونکە ناتوانن بیانگوێزنەوە بۆ سەر گۆڕستانەکان.
باوکی عەبدولمەلیک کە هەفتەی ڕابردوو تەرمی باوک و خێزانەکەی گواستووەتەوە بۆ گۆڕستانی گۆگجەلی، بۆ ئەوەی لە تەنیشت مردووەکانی تری خێزانەکەوە بە خاک بسپێردرێن، وەک خۆی دەیگێڕێتەوە بە شێک لە تەرمەکان بە هۆی زۆر مانەوەیان بە تەواوی شیبوونەتەوە و لەبەر بۆنی ناوخۆیش ئەستمە گەر ئازیزێکت نەبێت بتوانین دان بەخۆتدا بگریت و دووبارە بە خاکی بسپێریتەوە.
لە گەڕەکی قادسیەی دووەمیش ژمارەیەک لەو خێزانانەی کە نزیکی خویندنگەیەک بوون، ناچار بوون لەبەر هەمان هۆکارەکانی ڕابردوو تەرمی مردووەکانیان بۆ کاتی لە حەوشەی خوێندنگەکەدا بەخاک بسپێرێن.
بارودۆخەکە بەشێوەیەکە ئەو بابەتە تەنها تەرمی کوژراوانی شەرەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو ئەوانەش کە بەهۆی نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدەن، کەسوکارەکەی لەبەر بەردەواوی شەرەکان ناچارن لە حەوشەی ماڵی خۆیاندا یاخود شوێنێکی نزیک لە ماڵەکانیان بە خاکیان بسپێرن.
لە زۆربەی ئەو شوێنانەی کە مەترسی هێرشی داعش و بۆردومانی هێزەکانی حکومەتی لەسەرماوە، دانیشتوانەکەی هەمان بارودۆخی باوکی عەبدولمەلیکیان هەیە، وەک خۆیان دەڵێن هەرکاتێک دێوەزمەی شەر کۆتایی هات، ناچارن دووبارە مردووەکانیان ببنەوە بۆ سەر گۆڕستانەکان و بە خاکیان بسپێرنەوە.
سەبارەت بە تەرمی چەکدارەکانی داعشیش، دانیشتوانی ئەو گەرەکانەی کە ماونەتەوە، لەبەر بڵاوبوونەوەی بۆگەنی ناخۆشی تەرمەکان، بە ئاگاداری هێزەکانی سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی عێراق، ناچارن چەند تەرمێک پێکەوە لە یەک چاڵدا بنێژن.
هاوکات لەگەڵ بەردەوامی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان، هەموو ڕۆژێک کەبەسەر کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵدا تێپەڕ دەبێت، چیرۆکی نەیستراو لەو شارە سەرهەڵدەدات کە ماوەی زیاتر لە ٢ ساڵە لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی داعشدایە.
ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵە لە ١٧ تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ دەستیپێکردووە و تا ئێستاش سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە پشتیوانی هاوپەیمانان توانیویانە بەشێکی زۆری بەشی چەپی شارەکە لە دەست چەکدارانی داعش کۆنترۆڵ بکەنەوە.
١٦ کانوونی دووەم ٢٠١٧ - ١٦:٢٤
News ID: 805340
باوکی عەبدولمەلیک ڕایدەگەیەنێت بەهۆی هێرشەکانەوە بۆ سەر گەرەکی زهور کە ئەوان لێی نیشتەجێن، نەیانتوانیووە تەرمی مردووەکانیان ببەنە گۆڕستانەکە کە تەنها ٥ کیلۆمەتر لێیان دوورە.